Skip to the content

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ٣/٥/٢٠٢١ د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەردانی مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخی لە پارێزگای سلێمانی کرد و لەلایەن شێخ محه‌مه‌د شێخ سالار سەرپەرشتیاری مزگەوته‌كه‌ پێشوازیان لێ کرا.

دواى بەسەرکردنەوەى بەشەکانی مزگەوتەکە، وەزیرى ئەوقاف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی باسى لەوە کرد کە "لەسەر ڕاسپاردەری مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەن و کەموکۆڕییەکانی چارەسەر دەکرێن و لە سەر هەمان ڕاسپاردە و لە ڕێگەی وەبەرھێنانی وەقفییەوە کار لەسەر پاراستنی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی دەکرێت بۆ گرنگیپێدانی لایەنی زانستی پاراستنی کتێبخانەکە کە خاوەنی ھەزاران دیکیۆمێنت و دەستنووسه‌ کە وه‌ك به‌شێكی‌ سەروەتی نیشتمانی و ئایینی و کەلتوری هەژمار دەکرێت.

ئەم کارەش لە ڕێگەی لێژنەیەکی پسپۆرەوە ئەنجام دەدرێت بەوەى سەرجەم دەستنووسەکانی کتێبخانەکە چاک و ڕێک دەکرێنه‌وه‌ و لە لەناوچوون دەپارێزرێن و دواتر باڵاخانەیەکی شایستە و گونجاو بۆ کتێبخانەکە دروست دەکرێت تا ببێتە ناوەندێکی گرنگی توێژینەوە و بواری ئەکادیمی و شارستانی لە ھەرێمی کوردستان.