Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی "سێ مزگەوتی نوێ" لە دەڤەری گەرمیان دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٨⁄ ١١⁄ ٢٠٢١ بەئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی  و شێخ جلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان مامۆستا سباح بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان و بەرپرسانی حکومی دەڤەرەکە لە سێ رێوڕەسمی جیاواز و شایستەدا، سێ مزگەوت  کرانەوە بەم شێوەیە" مزگەوتى (رەسولى ئەمين) لە گەرەکى حەمرين، مزگەوتى (بەرلوت) لە گوندى بەرلوت مزگەوتى  (سپى) لە گەرەکى کەلارى نوێ.
لەوتەیەکدا د. پشتیوان سادق خۆشحاڵی خۆی بەدیداری دانیشتووانی گەرمیان دەربری و رایگەیاند گەرمیان یەکێکە لەو ناوچانەی خاوەن قوربانیەکی زۆرە و خاوەنی شەھید و ئەنفالە و وێرای ئەوەی کە  حکومەتی کوردستان ھەرچی لەتوانادا بێت بۆ دەڤەرەکە ئەنجامی دەدات، راستە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان کاریگەری ھەبووە، بەڵام بەدڵنیایەوە پڕۆژە و پلانەکان فروانن و ناوچەکەش بەشێکی گرنگی پرۆژەکانی ھەیە ئەوەی لە توانادا بێت بۆ دەڤەری رەنگینی گەرمیان، خەڵکە سەربەرزەکەی دەکرێت، دواتر پیرۆزپایی ئاراستەی دانیشتوان کرد ودەست خۆشی ئاراستەی خێرخواز و بەخشەران کرد کە ھاوکار و ھەماھەنگ بوون بۆ کردنەوەی ئەم مزگەوتانە بەشێوەیەکی جوان و مۆدێرن و سەرنج راکێش، ئامادەیی وەزارەتی ئەوقافی نیشاندا بۆ ھەموو ئاسانکاریەک بەمەبەستی دروستکردنی مزگەوت لە شوێنە پێویستەکان بەگوێرەی رێنمایی نوێ، ھەروەھا جەختی کردەوە کە ئیدارەی ناوچەکە و ئێمەش لە خزمەتی دانیشتووانی دەڤەری خۆراگری و خاوەن شەھیدی گەرمیان و ھەموو ناوچەکەدا دەبین،  بۆ ئەمەش وەزارەتی ئەوقاف ھاوکار دەبێت بۆ ھەر پێویستییەک کە لە توانای وەزارەتدا بێت بۆ مزگەوتەکان، لە کۆتایدا ھیوای خواست مزگەوتەکان بەخواپەرستی و نوێژ و دوعای موسوڵمانان ئاوەدان بکرێتەوە پەیامی میانڕەوی و ئایینی پیرۆزی ئیسلامی تێدا بڵاو بکرێتەوە کە پڕیەتی لە تەبایی و خۆشەویستی و برەو دان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی