Skip to the content

بەئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی یادی رۆژی جیھانی ئازادی ئایینی بیرورا کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە  ٢٧ ئۆکتۆبەر ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ھەماھەنگی تۆڕی ھاوپەیمانی کەمینەکانی عێراق، رێکخراوی ھاوکاری کەمینەکانی نەرویجی ھەروەھا  بەشداری پێکھاتە ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بە بۆنەی رۆژی جیھانی ئازادی ئایینی  دیدارێکی کراوە بەبەشداری نوێنەر و بەشێک لە کەسایەتییە ئایینییەکان رێکخرا.
سەرەتا د. پشتیوان سادق پیرۆزبای ئاراستەی پەیڕەوانی سەرجەم ئایینەکان کرد و جەختی لە پتەوکردنی گیانی پێکەوەیی لەنێوان ھەموو ئایین و پێکھاتەکان کردەوە، وێرای خستنە ڕووی  گرنگیدانی حکومەتی کوردستان لە ھەماھەنگی و ھاوکاری و ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، دواتر رۆڵی گرنگی مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەرز نرخاند لەبرەودان بەگیانی لێبووردەیی، ئەویش لە ڕێگەی ئامۆژگاری و وتاری میانرەویەوە، پشتیوانی وەزارەتی ئەوقافیشی بۆ چالاکی و کاری پێکەوەیی نێوان ئایینەکان لە سەربنەمای پاراستنی گیانی پێکەوەیی دووپاتکردەوە.
لەکۆتای دیدارەکەدا بۆ برەودان بە ئازادی و پێکەوەژیانی ئایینی چەند راسپاردە و پێشنیارێک گەڵاڵەکران و دوای ریکخستنەوەیان  ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.