Skip to the content

خولی پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایانی ئاینی کۆتایی پێھات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، بەئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، زەینەدین مەولوود بریکاری وەزارەت، دکتۆر عەبدولڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامی کوردستان و دکتۆر دیار جەباری ڕاوێژکار و سەرپەرشتیاری خولەکانی وەزارەت، مەراسیمی کۆتایی خولی بەھێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان بەڕێوەچوو؛ کە لەمانگی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە بەردەوامی ھەبوو.

لە وتەیەکدا د. پشتیوان سادق پیرۆزبایی ئاراستەی بەشداران و مامۆستایان کرد و جەختی لە پشتیوانیکردنی بەڕێوەچوونی خولەکانی بەھێزکردن کردەوە کە بەشێکی گرنگی بەردەوامی تواناکانە. دواتر پلانی داھاتووی خستەڕوو کە بریتییە لە پشتیوانیکردنی بواری ئەکادیمی و زانستی و دەستەبەرکردنی ھەرچی پێویستە بۆ خزمەتکرن و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستیی مامۆستایان.
گوتیشی "تاوەکو ئەمڕۆ وەک قۆناغی یەکەم لە مانگی شوباتەوە سێ ھەزار مامۆستای ئاینی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان خولیان بینیوە و پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت و ھەموو پشتیوانییەکیش دووپاتدەکەینەوە".

دواتر قەڵغانی ڕێز و سوپاسی ئاراستەی ڕێکخەران و مامۆستایانی وانەبێژی خولەکان کرد و بڕوانامەی بەشداری بەخشییە سەرجەم مامۆستایان.

جێگەی ئاماژەیە خولی پەرەپێدان بابەتەکانی بریتی بوون لە: بنەماکانی شەرعی، ھۆشیاریی یاسا و شەریعەت، پێکەوەژیانی ئاینی، پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی ھزری، گیانی تەبایی، بنەماکانی ھونەری وتارخوێندن، گرنگیی دەستنیشانکردنی وتار و چەندین بواری تر کە خزمەت بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و مامۆستایانی ئاینی دەکات.