Skip to the content

وەزارەتی ئەوقاف و پەرلەمانی کوردستان هەماهەنگی لەسەر خزمەتکردنی موڵکە وەقفییەکان دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢، دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە یاوەریی دکتۆر عەبدولڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، دەستنیشانکردنی باشترین ڕێکارە یاساییەکان بوو بۆ خزمەتکردنی موڵکە وەقفییەکان بەپێی بنەما شەرعییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی، بۆ ئەمەش وێڕای گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووانی دیدارەکە و گۆڕینەوەی ڕا و پێشنیارەکان، بڕیار درا ھەفتەی داھاتوو دیدارێکی کراوە لەنێوان لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و یەکێتیی زانایان بەڕێوەبچێت.