Skip to the content

وەزارەتی ئەوقاف کار بۆ گەڕانەوەی قوتابخانە ئایینییەکان بۆ سەر وەزارتەکەی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٢٩ی ئاب ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئامادەبوونی زیندین مەولود بریکاری وەزارەت، د. عبداللە وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ھەروەھا بەشداری ئەندامانی بۆردی باڵای وەزارەت کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی و ئەندامان گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەی وەبەرھێنان لەوەقف و گرنگی کردنەوەی پەیمانگای پێشنوێژو وتاروخوێنان و وەرگرتنی قوتابیان بۆ ئەمساڵی خوێندن و گەڕانەوەی قوتابخانە ئایینەکان بۆ سەر وەزارتی ئەوقاف و پەرەپێدانی بواری زانستی و خوێندن و سەرپەرشتیکردنیان بەگشتی کرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پرۆژەی یاسایی نوێی وەزارەت کە گونجاوە لەگەڵ واقعی ئەمڕۆ و  کارەکانی بۆردی باڵای وتار، وێرای دانانی پرۆژە پلانی کاری داھاتووی بۆخزمەتکردنی مامۆستایان.

د.عبداللە وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، چەند خاڵێکی پێشنیارکرد بەئامانجی دەوڵەمەندکردنی کارەکانی بۆردی باڵای وەزارەت، لە هەمان کاتدا  کردنەوەی پەیمانگای پێشنوێژو وتارخوێنانی بەگرنگ وەسف کردو ھیوای خواست پشتیوانی زیاتر بکرێت و کارەکانی لە رووی زانستی و ئاکادیمی و  پێداویستی لۆجستی بۆ دابین بکرێت.

بۆردی باڵای وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی ئەندامانی  لەکەسانی ئەکادیمی و پسپۆرو شارەزایان و رووناکبیرانی ھزری ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێکدێت .