Skip to the content

دیداری بۆردی وتاری ئایینی بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ، زیندین مەولود بریکاری وەزارەت، ئەندامانی بۆردی باڵای دانانی وتار و بەشداری بۆردی دانانی وتار لەسەرجەم پارێزگاکانی ھەرێم ، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەوقافی پارێزگاکان، دیدارێکی زانستی کراوە ڕێکخرا.
لە وتەیەکدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەستخۆشیی لە ڕێکخەرانی دیدارەکە کرد و گرنگی دیدارەکەی خستەڕوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی  دیدارەکە دانانی پلانێکی تۆکمەیە بۆ داھاتوو لەسەر بنەمای پێویستی واقیعی و ئایینپەروەری و نیشتیمانپەروەری ، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی زێتر وتی، ھەرشتێک بۆئایینی پیرۆزی ئیسلام و کوردستانی ئازیزمان باشە ئەوە دەکەین ئەمەش ئەرکی ھەموو لایەکە ،ھەموو پشتیوانیەکیش لە بۆردی ئایینی و سەرجەم ئەندامانی بۆردی پارێزگاکان دووپات دەکەینەوە، دواتر ڕایگەیاند وتار ئەمانەتە ئەم ئەمانەتەش لای ئێوەیە و ھەموو کارەکان بۆ ئێوە جێدەھێڵین ئێوە خاوەنی ڕاستەقینەی پرۆسەکەن و بریاردەری کۆتایین، ئێمەش خزمەتکاری ئایینی پیرۆزی ئیسلام و وتار و مامۆستایانی ئایینی دەبین، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەم پرۆژەیەی بە وێنەی بونیادنان و بەھێزترکردنی وتار و خزمەتکردنی ئایینی پیرۆز و وڵاتەکەمان وەسف کرد، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دیدارەکە خواست، دواتر توێژینەوەیەکی زانستی لەلایەن مامۆستا بارزان سەرۆکی بۆردی دانانی وتار نمایش کراو گفتوگۆی لەبارەوە کرا، دیدارەکە بەسەرپەرشتی د. مەغدید ئەنجامدرا ھەریەک لە سەرۆکی بۆردی  پارێزگاکان بەشداریان تێدا کرد، گفتوگۆیەکی زانستی ئەنجامدرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کارەکانی بۆرد چەند ڕاسپاردەیەک ئاراستە کران و بەپێ دۆخی پێویست بڕیاری لە بارەوە دەدرێت.
بۆردی وتار بۆردێکی سەربەخۆیە و  لەسەر ڕاسپاردەی کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئایینی ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە.