Skip to the content

د.پشتیوان سادق : نابێت كه‌مته‌رخه‌میی به‌رامبه‌ر حاجیانی كوردستان بكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە دیوانی وەزارەت، لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەرپەرشتی حاجیانی ئەمساڵ لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک کۆبۆوە.
لە وتەیەکدا د.پشتیوان سادق ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ھەنگاوەکانی پرۆسەی حەج، خزمەتکردنی حاجیانە، مەرجە کۆمپانیاکانی حاجیان لە سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردن و ڕێنوێنیکردنیان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی حەج بۆ حاجیان کەمتەرخەمی نەکەن، پێویستە بە ھەموو توانایەکەوە لە خزمەتی پرۆسەکە و تاک بەتاکی حاجیاندا بن و ئاماژەشی دا کە لەگەڵ ئەمەش ئەم سەفەرە بە دەرفەتێک بزانن بۆ ناساندنی کەلتووری بەرز و ئادابی کوردەواری بە گەلان و وڵاتان.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختیشی کردەوە کە بۆ ئەمساڵ پێوەری جیاواز دیاریکراوە، وێڕای ھەبوونی ھێڵێکی کراوەی پەیوەندی لە کەمتەرخەمی ھەر کۆمپانیایەک بەرامبەر تەنیا یەک حاجی،  ھەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی حاجیان، بڕیارە بۆ به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، ئەمساڵ ٢١٢٠ حاجی لەھەرێمی کوردستانەوە سەفەری حەج بکەن، ئەمە لەکاتێکدایه‌ كه‌ مافی بەشداریی حاجیانی ھەرێمی کوردستان ٤٣٥٠ کەسە.