Skip to the content

نابێت پرۆسەی حەج تێکەڵ بە ململانێ و موزایەدەی سیاسی بکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۳۱ ی ئایاری ۲۰۲۲ ، زیندین مەولوود سورچی سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریەکانی پرۆسەی حەج،  ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت نرخ و تێچووی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بڵاو کردەوە و داوای کرد ئەم پرۆسە ئایینیە پیرۆزە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و موزایەدەی سیاسی نەکرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتوون:
یەکەم: شوێنی مانەوەی حاجیان (زۆر نزیکتر) لە شوێنی حاجیانی عێراق دابینکراوە بە شێوەیەک نزیک حەرەمی پیرۆزە و پاک و خاوێن و  بە کوالێتیەکی باش، حاجیان بە ئاسانی دەتوانن ھاتوچۆ بکەن، ئەمەش نرخی لەگەڵ شوێنێکی دوورە دەستی بێ کوالێتی دەگۆڕێ و جیاوازە.
دووەم: نرخی پلیتی فڕۆکەی  گواستنەوەی ھەر حاجیەکی ھەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و  سلێمانی بڕی (١٠٠)دۆلار لە فڕۆکەخانەکانی عێراق گرانترە.
سێیەم : توانیومانە ئەمساڵ سێ ژەم خواردنی شایستە و گونجاو بۆ حاجیانی کوردستان (بە مینیۆی دەوڵەمەند و ھەمەجۆر) دابین بکەین لە کاتێکدا لەعێراق تەنیا دوو ژەم خواردن دابین کراوە.
چوارەم: سەبارەت بە چارەسەری پزیشکی حاجیان لیژنەکەمان توانی بۆ یەکەمجار گرێبەست لەگەڵ باشترین کۆمپانیای دابینکردنی دەرمانی کوالێتی بەرزی سعودیە بکات جیاواز لەساڵانی ڕابردوو.
پێنجەم : لەو بڕە پارەیەی کە دەکاتە ( ٤٧٠٠ )دۆلاری حاجیانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بڕی ( ٣٣٩٧) دۆلار دەچێتە سەر حسابی دەستەی باڵای حەجی عێراق لە بەرامبەر ھۆتێل و مانەوەی حاجیان لە مەدینەی پیرۆز گواستنەوە و تێچووی( المطوفين ى سعوديه) واتە لەو بڕە تەنیا( ١٣٠٠) دۆلار ، بۆ ئەم ھەموو خزمەتگوزاریانەی خوارەوە لە لایەن لیژنەی ئێمە لە مەککەی پیرۆز بۆ گرێبەستی ھۆتێل و تەندروستی و ھاتوچۆ و دابینکردنی خواردن و دەرمان تەرخانکراوە.
شەشەم : دەستەی باڵای حەجی عێراق وێڕای پارەی حاجیانی خۆیان ھاوکاری (نفقات الحاکمە) یان ھەیە و بودجەی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێ، ھەروەھا دەستەی حەجی عێراق وەبەرھێنان لە پرۆسەی عومڕەدا دەکەن، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان لەم بودجە و ھاوکارییە بێ بەشکراوە.
حەوتەم: بەڕێزان لە لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان، زانیاریان هەیە لەسەر پڕۆسەی حەج لە ساڵانی ڕابردوو کە خەرجی دووری و نزیکی ھۆتێل لە مەککەی پیرۆز چەندە جیاوازی هەیە بۆ مانەوەی حاجیان.
هەشتەم 
لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان و ھەرلایەنێک هەر کاتێک بیانەوێت 
دەتوانن ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی تایبەت بە بواری حەج لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە ببینا کە واژۆ کراون.
لە کۆتاییدا ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەکو ئەرکێکی نەتەوایەتی و ئایینی، خۆمان لە هەموو لایەک بە بەرپرسیارتر و پەرۆشتر بۆ ئەم پرۆسەیە دەبینین بۆ خزمەتکردنی حاجیانی هەرێمی کوردستان .