Skip to the content

یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرەو ماڵی خودا بەڕێکەوتن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ۱٦ی حوزەیرانی ۲۰۲۲،  بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و زێندین مەولود بریکاری وەزارەت و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و شێخ نیاز بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە، لەشاری هەولێر یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو ماڵی خودا بەڕێکران.
لە وتەیەکدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی گوتی" دەمەوێت لێرەدا سڵاو و ڕێزی تایبەتی مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانتان پێڕابگەیەنم، کە جەنابیان ئومێدی خواست ئێوە بە سەلامەتی بگەنە ماڵی خودا و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە، هەروەها د.پشتیوان گوتی"ئێمە بەرپرسانی خۆمان لەهەردوو شاری مەککە و مەدینە ڕاسپاردووە کە بە باشترین شێوە خزمەتی ئێوە بکەن، ئەو هۆتێلەی بۆ ئێوە ئامادەکراوە یەکێکە لە هۆتێلە باشەکان و بە ماوەیەکی زۆر کەم و بەپێ دەتوانن بگەن بەو شوێنانەی کە پێویستن، هەروەها لە ڕووی خواردن و خواردنەوە و هەموو شتێکەوە موفتی و مورشیدانی خۆمان ڕاسپاردووە کە لەخزمەتی ئێوەدابن، گوتیشی" رازیکردنی دڵی ئێوە لەلای ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە، هەروەها داوایشی لەحاجیان کرد کە سەبرو ئارامیان هەبێت ، لەبەر ئەوەی بە ملیۆنان حاجی لەو شوێنەن، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت، هەروەها داوای لەحاجیان کرد کە زیاتر میللەتی کورد بەو گەل و نەتەوانە بناسێنن کە لەوێ ئاشنایەتیان لەگەڵدا دەکەن.
 ئەمڕۆ ۳٤۰حاجی لە شاری هەولێر و ۱٤۰حاجیش لەشاری سلێمانی بەڕێکران بۆ ماڵی خودا، بەیانییش لە شاری دهۆک حاجیان بەڕێدەکرێن و ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت تا ۲۲ی حوزەیرانی ۲۰۲۲.