Skip to the content

د. پشتیوان سادق : ھەرێمی کوردستان بۆتە پەناگەی ئارامی لە ناوچەکەدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١١ ی ئایاری ٢٠٢٢ د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە یاوەریی د. عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە ڕیازی پایتەختی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بەشداربوون لە کۆڕبەندی جیھانی لەژێر ناوی( دیداری بنەماھاوبەشەکانی پەیڕەوانی ئایینەکان)، کۆڕبەندەکە لەلایەن ڕابیتەی جیھانی ئیسلامی بە بەشداریی سەد وڵات لە ئایین و ئاینزای جیاواز لە جیھاندا بەڕێوە دەچێت.
 ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە جەخت کردنەوەیە لە دیدگای شارستانی و بڵاوکردنەوەی بەھاکانی نێوەندی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بە گشتی ، ھەروەھا ھەماھەنگی و دروستکردنی ھۆشیاری خۆشەویستی و گیانی پێکەوەیی لەنێوان نەتەوە و گەلاندا، لە کۆڕبەندەکەدا د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتەیەکی پێشکەش کرد 
 و تیشکی خستە سەر مێژووی دێرین و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان و ئەو ژینگە لەبارەی ھەرێم کە بووەتە جێگە و لانەی چەندین نەتەوەی جیاواز، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بە ڕۆڵی کاراو پلان و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاراستنی ماف و دەستنیشانکردنی ئەرکی  ھەموو لایەک بەپێی یاسا، ئەمەیش بووەتە بنەمای دروستبوونی ژینگەیەکی پێکەوەیی ھەمەلایەن بۆ ھەمووان بەبێ جیاوازی، لە تەوەرێکی دیکەدا د. پشتیوان سادق ، ئاماژەیدا بەو ژمارە زۆرەی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە کە بەھۆی نالەباری ناوچەکە ھانایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، ھەروەھا ئەو خزمەتانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات لە بواری تەندروستی و پەروەردە و شوێنی ژیان و دابینکردنی ئارامی و تەناھی و  پاراستنی سەروماڵیان، بۆیە ھەرێم بۆتە پەناگەی ئارامی لە ناوچەکەدا، دواتر پڕۆژە و ستراتیژیەتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی خستەڕوو لە برەودان بەم لایەنە.
وا بڕیارە لە میانی کۆڕبەندەکەدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەندین دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان و  بەشداربووان  ئەنجام بدات.