Skip to the content

مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ مامۆستایانی ئایینی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٣٠ ی ئایاری ٢٠٢٢ لە مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ ئەو مامۆستا ئایینیانە بەڕێوە چوو کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران، لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، د. عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی ئامادەیبوون، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز وەزیری ئەوقاف و کار و باری ئایینی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی کرد و جەختی لە پشیوانیکردنی کەرتی خوێندنی باڵا کردەوە و پلانی وەزارەتی خستەڕوو کە بریتییە لە فراوانکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئارەزوومەندان.
 د. پشتیوان سادق جەختی لە ئەنجامدانی توێژینەوە زانستییەکان کردەوە کە ببنە مایەی سوود بۆ خەڵک و چارەسەری کێشەکان، چونکە ھەموو ھەنگاوێکی حکومەت لە خزمەتی ھاووڵاتی و بۆ خزمەتی خەڵکە، بۆ ئەمەش ھەرچی لە توانادا بێت لە خزمەتی ھاووڵاتیاندا دەبێت، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی زیاتر وتی مامۆستایانی ئایینی ڕێنیشاندەر و پێشەوای میللەتەکەمان بوون ھەمیشە لە خزمەتی ھەرھەنگاوێک دەبین کە خزمەت بە مامۆستایان بکات، دواتر ئاماژەیدا بە ڕێکخستنی دیدارێکی کراوە بە بەشداریی مامۆستایانی ئایینی لە سەرتاسەری شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، پشتیوانیی ئەو بڕیارانەشی دووپاتکردەوە کە لەلایەن مامۆستایانەوە دەدرێت. 

دواتر د. عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، پاراستنی شکۆی مزگەوت و وتار و بەرەوپێشبردنی بواری وتار و بە ئەکادیمیکردنی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند مزگەوت شکۆ و گەورەیی خۆی ھەیە و پێویستە دوور بێت لە دەستوەردان و بە سیاسیکردنی،  ھەمووشمان لە پێناو سەرخستنی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەست لەناو دەست کار دەکەین و پێکەوە دەبین.