Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ٩ ی ئایاری ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی  د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی،شێخ نیاز نەقشەبەندی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە و بەڕێوەبەرانی حەج و عومرەی پارێزگاکانی ھەرێم، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکانی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، 
سەرەتا بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە کورتەیەکی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی ژمارەی حاجیان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی  مامەڵەی  ھاووڵاتیان بۆ پرۆسەکە خستە ڕوو، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لە خزمەتکردنی حاجیانی ھەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، ئەرکە لەسەر ھەموو لایەک ھەرھەنگاوێک لەبارەی پرۆسەکەوە بنرێت ئامانجی یەکەمی خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان بێت، بۆ ئەمەش پشتیوانیی خۆی بۆ کاروباری بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە دووپاتکردەوە، دواتر ئامادەبووان و بەرپرسانی حەج و عومرەی ڕاسپارد بە خستنەڕووی ھەر ھەنگاوێک کە باشترین خزمەت بە حاجیان و عومرەکاران دەکات، ھەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەجێ بەجێکردنی خزمەتگوزاریە گشتییەکانی حاجیانی ئەمساڵ ٢٠٢٢  لە ھەردوو شاری مەککە و مەدینەی پیرۆز کردەوە بە تایبەتی شوێنی مانەوەی حاجیان کە زۆر  شایستە و گونجاوبێت ،
لە میانی کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیارێک بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی پرۆسەکە خرایەڕوو.
 بەھۆی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەماوەی  دووساڵی ڕابردوو فەریزەی حەج بۆ جیھان وەستاوە، ئەمساڵ بە کەمکردنەوەی ڕێژەی حاجیانی جیھان و ھەرێمی کوردستان پرۆسەی حەج دوای وەستانی بە پشتیوانی خوای گەورە  دەست پێدەکاتەوە.