Skip to the content

لە سلێمانی ڕێزلێنانی سەرۆکی حکومەت بۆ مامۆستایانی ئایینی خانەنشین بەرێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-  رۆژی یەکشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و د.زەینەدین مەولوود، بریکاری وەزارەت و د. عەبدوڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەوقافی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، لەمەراسیمێکدا ڕێزلێنانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان بەخشرایە مامۆستایانی ئایینی خانەنیشن بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ.
لەوتەیەکدا د.پشتیوان سادق، سڵاوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە مامۆستایانی ئایینی و دەستخۆشی لێکردن بۆ خزمەتیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و کوردستان.
وەزیری ئەوقاف کاروباری ئایینی جەختی کردەوە کە ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە،کە ئەوپەری خزمەت بە مامۆستایانی ئایینی بکات و ڕایگەیاند:"لەمێژوودا زانایان و مامۆستایان ڕێنیشاندەر و خەباتکار و ڕێگا رۆشنکەرەوەی میللەتەکەمان بوون، ھەمیشە ئایینپەروەری و نیشتمان پەروەریان کردۆتە دوچەمک بەخزمەت لەپێناو درووستکردنی گیانی تەبایی و بەرگری و ئاشتی و خۆشەویستی لەخەباتی رزگاری خوازی کوردستاندا.
جێگەی ئاماژەیە خەڵات و ڕێزلێنانی سەرۆکی حکومەت بۆ مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی خانەنشین بوو، بەشێوەی قۆناغ لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان رێکدەخرێت.