Skip to the content

مامۆستایانی ئاینیی خانەنشینی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕێزلێنانی سەرۆکوەزیرانیان پێگەیشت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لە مەراسیمێکدا ڕێزلێنانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەخشرایە مامۆستایانی ئاینیی خانەنیشنبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای ھەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، قەزای چەمچەماڵ.

لە گوتەیەکدا د. پشتیوان سادق سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کوردستانی گەیاندە مامۆستایانی ئاینی و دەستخۆشی ئاراستەکردن بۆ خزمەتیان بە ئاینی ئیسلام و نیشتیمان.

وەزیری ئەوقاف کاروباری ئاینی جەختی کردەوە کە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ئەوپەڕی خزمەت بە مامۆستایانی بەڕێز بکات، ئەمەش وەک بچووکترین مافیان.

ڕایگەیاند: "لە مێژوودا زانایان و مامۆستایان ڕێنیشاندەر و خەباتکار و ڕێگاڕوونکەرەوەی میللەتەکەمان بوون، ھەمیشە ئاینپەروەری و نیشتمانپەروەرییان کردووەتە دوو چەمکی بەخزمەت لەپێناو درووستکردنی گیانی تەبایی و بەرگری و ئاشتی و خۆشەویستی لە خەباتی رزگاریخوازی کوردستاندا."

جێگەی ئاماژەیە خەڵات و ڕێزلێنانی سەرۆکی حکوومەت بۆ مامۆستایانی بەڕێزی ئاینیی خانەنشینبوو، بەشێوەی قۆناغ لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ڕێکدەخرێت.