Skip to the content

وەزارەتی ئەوقاف و زانکۆی ئەزهەر هەماهەنگیی خوێندنی ئاینی بەهێزتر دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە سەردانێکی فەرمی، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە سەرۆکایەتیی تەیب زرار شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، گەیشتنە میسڕ.

شاندەکە سەردانی مامۆستا محەممەد ئەبوو ڕیە فەتووح، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئەزموونەکانی زانکۆی ئەزهەر و مامۆستا ئەیهاب فەتحی سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دەرچووانی زانکۆی ئەزهەر و محەممەد مەحموود ئەلدبیس، بەرپرسی پەیمانگەکانی ئەزهەر کرد.

تەیب زرار شێروانی، سەرۆکی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، گوتی:
"هاتووین لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان کوردستان و میسڕ بهێنینە ئاراوە بە تایبەت کە زانکۆی ئەزهەر، لقێکی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە هەولێر کردووەتەوە."

دواتر شاندی وەزارەتی ئەوقاف و زانکۆی ئەزهەر تاووتوێی پڕۆگرامی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ڕێنماییەکانی زانکۆی ئەزهەر بۆ تاقیکردنەوەکان، پشتڕاستکردنەوەی ناوی قوتابیان و بڕوانامەکانیان، دروستکردنی بڕوانامەیان بۆ قوتابیانی دەرچووی پەیمانگەی ئەزهەر - لقی هەولێر و دوایین ڕێنماییەکان و پڕۆگرام و خوێندنی کرد.

هەردوولاش جەختیان لە هەماهەنگییەکی زیاتر و پەیوەندیی پتەوتر لەنێوان کوردستان و میسڕ کردەوە.