Skip to the content

لە ڕۆژی جیھانیی ئاین و بڕوا، پێکەوەژیانی نێوان ئاینەکان جەختی لێ کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و فارس جەوھەر، بەرێوەبەری گشتیی دیوان، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئاینی و رێکخراوی کایسید و تۆڕی ھەماھەنگیی ڕێکخراوی کەمینەکانی عێراق، بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی ئاین و بڕوا، دیدارێکی کراوە بۆ نوێنەری ئاینەکان رێکخرا.

سەرەتا مامۆستا فارس جەوھەر، بەرێوەری گشتیی دیوان، بە ناوی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، پیرۆزبایی ئاراستەی ئایینەکان کرد و پشتیوانیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ بەھێزترکردنی پێکەوەژیانی ئاینی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە؛ جەختی لە کاری ھاوبەش و پێکەوەیی و یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ کردەوە، کە ماف و ئەرکەکانی پێکھاتەکانی جێگیر کردووە. دواتر وتاری ھەریەک لە ڕێکخراوی کایسید و ھاوپەیمانیی کەمینەکانی عێراق پێشکەش کران.

لە میانی چالاکییەکەدا دیدارێکی کراوە لەنێوان نوێنەری ئاینەکان بەسەرپەرشتیی ئەمیر عوسمان مەولود، بەرێوەبەری پێکەوەژیان رێکخرا.
تیایدا بە وردی ڕوناکی خرایە سەر ئەم ڕۆژە مێژووییە، ھەروەھا ستایشی ھەوڵی بەردەوام و پشتیوانیی حکوومەتی کوردستان کرا، لە پاڵپشتیکردنی گیانی تەبایی و برەودان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی سەرجەم ئاینەکان.

ھەر لە میانی دیدارەکەدا، ئامادەبووانیش بەشداریان کرد و ھەموویان پێکەوە کۆک بوون لەسەر پاراستنی ئاشتی و برەودان بە تەبایی. لەگەڵ ئەمەش جەخت لە کاری ھەمەلایەنە کرایەوە.