Skip to the content

لە کۆنفرانسی نێوان ڤاتیکان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لێبوردنی ئاینیی هەرێمی کوردستان کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، کە پێکھاتبوون لە خالید جەمال ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان و شێخ ئیبراھیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیرشادی توێژینەوەی ئاینی، بەشداری سێیەمین کۆنفرانسی نێوان ڤاتیکان و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیان کرد.

لە گوتەیەکدا شێخ ئیبراھیم بەرزنجی تیشکی خستە سەر پڕۆژە و پلانی وەزارەت بۆ برەودان بە گیانی پێکەوەیی و تەبایی نێوان ئاینەکان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی؛ بۆ ئەمەش ستراتیجییەکی سەرەکی خستەڕوو کە پشتئەستوورە بە بنەما یاساییەکان.
دواتر کارنامەی وەزارەتی بۆ بەشداران شیکردەوە؛ لە گرنگترینیان کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئاینی لە وەزارەت کە سەرجەم ئاینەکان بەپێی یاسای پەرلەمانی، چالاکیی خۆیان ئەنجامدەدەن.

نوێنەری وەزیری ئەوقاف ھیوای خواست کە وێنەی پێکەوەژیانی ئاینیی ھەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە ناوچەکانی تری عێراق. ئەمەش لەپێناو خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و نەھێشتی جیاوازیی ئاینی و بەھێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان.