Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێشوازی لە سەرۆکی تائیفەی ئەرمەنی لە عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، پێشوازی لە ئۆشکان گولگولیان، سەرۆکی تائیفەی ئەرمەنییەکان لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا ڕۆڵی مرۆڤدۆستانەی حکوومەتی کوردستان بە گرنگ بینرا، لە پێشوازیکردنی ئەرمەنەکانی عێراق و پێکھاتەکانی تری ناوچەکە، کە بەھۆی جەنگی تیرۆرەوە ڕوویان لە کوردستان کردووە.
ھەروەھا ستایشی پاراستنی ئارامی و تەناھی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ئاوارەکان کرا.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە شاندی میوانانی ڕاگەیاند کە کوردستان ماڵ و لانەی ھەموو ئایین و پێکھاتەکانە، ھەروەھا پەیوەندیی مێژووییی دێرین و خەباتی ھاوبەش بناغەی ئەم خۆشەویستی و پێکەوەییەی درووستکردووە کە شانازیی ھەمەلایەنەن.

دواتر جەختی لە پشتیوانیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کردەوە لە پشتگیریکردنی خوشک و برایانی ئەرمەن بەگشتی و بەتایبەتی ئەوانەی کە لە ھەرێمدا نیشتەجێن.