Skip to the content

ئەنجوومەنی جیهانیی دانایانی مسوڵمانان: كوردستان سەرچاوەی پێكەوەژیان و لێبوردەیی ئایینییە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرۆكی ئەنجوومەنی جیهانیی دانایانی مسوڵمانان، ستایشی ڕەوشی ئاینی لە هەرێمی كوردستان دەكات و هەرێمەكە بە "سەرچاوەی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی ئایینی" ناوزەد دەكات.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ئامادەبوونی د. عەبدوللا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، پێشوازی لە د. مەشعان خەزرەجی، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی عێراق و د. محەمەد عەبدولسەلام، سەرۆکی ئەنجوومەنی دانایانی مسوڵمانان كرد.

لە دیدارەکەدا تاووتوێی ڕەوشی ئایینی بە گشتی و پێکەوەژیانی ئایینی و ئەزموونی تەبایی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان کرا. سەرۆکی ئەنجوومەنی دانایانی موسوڵمان گوتی: "کوردستان بۆ ھەمووان سەرچاوەی بەختەوەری و ئارامی و پێكەوەژیانە، دڵخۆشیی خۆم بە بینینی نوێنەری ئایینەکانی ھەرێم دەردەبڕم و و ئەو پەیوەندی و پێكەوەژیانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی پیكەوەژیانی ئاینییە".

لەو بینینەدا هەرسێ لایەنی وەزارەتی ئەوقاف و دیوانی وەقفی سوننی و ئەنجوومەنی دانایانی مسوڵمانان، جەختیان لەسەر چەند پرس و پڕۆژەیەك بۆ زیاتر پەرەدان بە لێبوردنی ئاینی و پێكەوەژیان كردەوە.

ئەنجوومەنی نیودەوڵەتیی دانایانی مسوڵمانان، دەستەیەكی سەربەخۆی نێودەوڵەتییە و بارەگاكەی لە ئیماراتە. لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و ئامانجەكەی ئەوەیە پەرە بە پێكەوەژیانی ئایینی لە كۆمەڵگە مسوڵمانەكان بدات.