Skip to the content

جێگری سەرۆك وەزیران: وەزیری دارایی هەمیشە جەختی لەوە كردۆتەوە لەسەر بنەمای بایۆمەتری موچە دابەش بكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە 9ی حوزەیرانی 2021 لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە تایبەت بوون بە لایەنەكانی پەیوەست بە سیستمی بایۆمەتری.
لەو كۆبوونەوەیەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند:" بە‌ ئاڕاستە‌ی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم لەڕێی بانکەوە، هەنگاوی باشمان بڕیووە."
قوباد تاڵەبانی ئاماژەشی بەوە كرد "كە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی وئابوری هەمیشە جەختی لەوە كردۆتەوە لەسەر بنەمای بایۆمەتری موچە دابەش بكرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دران لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و میلاکات و ڕێکخستنەوەی پەیكەری حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەستپێکردنی درووستکردن و دابەشکردنی "ژمارەی بێهاوتای کەسی" ڕاگەیاند کە بریتییە لە ژمارەیەکی تایبەت بە هەر مووچەخۆرێک و هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلکترۆنی بکرێت.
جەختیش کرایەوە کە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری بێت وەک لەیاسای چاکسازییدا هاتووە.