Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی 2022/8/1، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبۆوە. 
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری هیوای خواست فەهمی برهان لە ئەرکە نوێیەکەیدا سەرکەوتووبێت، ئەوەشی لەپێناو ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بێت، وەزارەتی دارایی و ئابووری پاڵپشتی لێ دەکات. 
لای خۆشییەوە، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پاڵپشتی وەزارەتی دارایی بە گرنگ وەسفکرد تا بتوانن گرفتە کارگێڕیەکانیان چارەسەر بکەن و بەیاسا مافە زەوتکراوەکانی گەلی کورد بگێرنەوە. 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری باسی لەوە کرد بەدرێژایی مێژوو کورد دەستبەرداری مافە ڕەواکانی خۆی نەبووە، بۆیە دەبێت بەهەموومانەوە پارێزگاری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکەین.