Skip to the content

وەزیری دارایی بەدواداچوون بۆ کێشە تەندرووستی و بازرگانییەکانی سلێمانی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم، لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی، لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستی و بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەو پارێزگایە کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکەی وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسی یەکەی تەندرووستی تایبەت بوو بەو گرفت و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئەو سێکتەرە بووەتەوە و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی پێویست لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستییەکانی سنووری پارێزگاکە، بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان. 

ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ھەرێم/ سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک بازرگان بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابووری جەختی لەوە کردەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان، ھەماھەنگ و ھۆکار دەبن بۆ ڕەخساندنی پانتایی زیاتری بازرگانی و  نەھێشتنی ڕۆتین، بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و لەمپەرانەی بوونەتە ئاستەنگ و بار بە سەرشانی ھاووڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن پیشەکانی ناو بازاڕەکان.