Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری بەڵێنی پشتیوانی بە خاوەن پێداویستییانی تایبەت دەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری، لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای خاوەن پێداویستیی تایبەتەکان کۆبۆوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: "ئێوە چینێکی گرنگی کۆمەڵگەی ئێمەن، بۆیە پێویستە بە هەموومانەوە پێداویستییەکانتان بۆ دابین بکەین، بێ هیچ دوو دڵییەک ئەوەی لە توانای وەزارەتی داراییدا بێت جێبەجێی دەکەین."

لەبەرامبەر دا عومەر جەبار، سەرۆکی ئەنجوومەنی خاوەن پێداویستیی تایبەتەکان، دەستخۆشی لە وەزیری دارایی و ئابووری کرد کە هەمیشه لە خەمی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی باڵای ئەم ڕێکخراوانە بەشداربوون کە پێکهاتوون لە هەر حەوت رێکخراوی خاوەن پێداویستیی تایبەت: یەکێتیی نابینایانی کوردستان، کۆمەڵەی کورتەباڵاکان، یەکێتیی کەمئەندامان، تالاسیما، نابیستان، کۆمەڵەی رۆژ، توانا بەخشان.