Skip to the content

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانانی سلێمانی لیژنەیەکی تایبەت پێکدەهێنرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری، و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی سلێمانی، و سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی، و ژماریەکی بەرچاو لە بازرگانان و پیشەسازانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە.

لە دیدارێکدا کە لە ژووری بازرگانی سلێمانی بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند: "بازرگان و پیشەسازان ئەو توێژەن کە پێویستە ماندووبوون و ھەوڵەکانیان بۆ بوژاندنەوەی ڕەوت و ژێرخانی ئابوری کوردستان بەڕێزەوە خەمڵاندنی بۆ بکرێت، و وەک وەزارەتی داراییش ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە سەرجەم کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئەو توێژە نەھێڵن و بەجۆرێکیش باجی سەر بازرگانان ڕێکبخەنەوە کە سودی گشتی لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە تێیدا جێگیربکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری، و بەڕێوەبەری باجی سلێمانی، و نوێنەری بازرگانان و پیشەسازان، گفتوگۆی چڕیان لەبارەی ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی وەرگرتن و پێدانی باج لە بازرگانان کرد، ھاوکات بازرگانان داوایان کرد ڕێنمایی و گشتاندنی نوێ لەو بارەیەوە دەربکرێت کە لەگەڵ ڕێژەی داھات و داتای ڕاستەقینەی ژمێرەی کۆتایی کۆمپانیاکان بگونجێت.

لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری، بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت کە وەک ھێڵی گەرمی نێوان بازرگانان و وەزارەت پێکبھێنرێت و نوێنەری ھەریەک لە ژوری بازرگانی و پیشەساز و بازرگانانی تێدابێت.