Skip to the content

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەوڵی چارەسەری کێشە داراییەکانی سلێمانی دەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان،
بەمەبەستی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ گرفتە دارایی و کارگێڕییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، لەگەڵ سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکە کۆبووەوە. 

لەو کۆبوونەوەدا وەزیری دارایی و ئابووری دوای گوێگرتن لە داواکاری و پێشنیارەکانی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان، لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەش کرد ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی  فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان نەھێڵن و کارئاسانی لەبەردەم ھاووڵاتیانیش بکرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.