Skip to the content

کاروباری خانەنشینان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی کاروباری خانەنشینی حکومی بەڕێوەچوو، کە بە هاوبەشی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، و وەزارەتی پلاندانان، و دەزگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، ئامادەکراوە لە پێناو بەرەوپێشبردنی کارگێڕی خانەنشینی حکومی.
 
لە ڕێوڕەسمێکدا دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان وتارێکی پێشکەش کرد و سەرەڕای باسکردنی گرنگی سیستەمەکە ڕۆڵی وەزیری دارایی بەرز نرخاند.  دواتر ئیرڤین هیکس، کونسوڵى گشتى ئەمەریکا، باسی لە گرنگی پڕۆژەکە کرد کە هەنگاوێکی ئەرێنییه بۆ بەسیستەم کردنی دام و دەزگا حکومییەکان.

پێشەوا سەعید، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی، وتەی وەزیری دارایی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە جێبەجێکاری یاسای چاکسازییە، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی دام و دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی هەیە لە نەهێشتنی ڕۆتین لە دام و دەزگاکان. 

لە ڕێوڕەسمەکەدا حازم اسماعیل ڕەمەزان، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا ڕایگەیاند: سیستەمی بە ئەلیکترۆنی خانەنشینی یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان کە خزمەتێکی باش پێشکەشی خانەنشینان دەکات هەروەها لە ڕێگای ئەم سیستەمەوە هەر چواردە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خانەنشینی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دەبەسترێتەوە، و هاوکار دەبێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی خانەنشینان بە شێوەیەکی خێراتر لە داهاتوودا. کە ئەم سیستەمە ناسنامەیەکی نوێ بۆ خانەنشینان دابین دەکات کە هەموو زانیارییەکانی لەسەر تۆمار دەبێت. کە دەرئەنجام و سوودەکانی ئەم سیستەمە پێک هاتووە لە: 
٭ چاکسازی کردن لە لیستی (2 مووچەکان) و سڕینەوەی ناوی دووبارە.
٭ کەم کردنەوەی ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی. 
٭ دەتوانین لە ڕێگای ئەم سیستەمە سەرژمێری تەواومان لەبەردەست بێت.
٭ دۆسیەی خانەنشینان بە ئەلیکترۆنی بەردەست دەبێت.