Skip to the content

وەزیری دارایی لەگەڵ ئەنجومەنی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبوانی شێرپەنجە کۆبوەوە

ڕۆژی دوو شەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەنجومەنی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە کۆبووەوە.

لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان، ڕێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، د.ڕێگر فەرهاد، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان و ئازاد نوری، نوێنەری دەستەی ژینگە بەشدار بوون لەگەڵ ئەنجومەنی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی پێشوو، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی جێبەجێکردنیان کرا.

وەزیری دارای و ئابووری ئاماژەی بەو بڕیارانە دا کە لە وەزارەتی دارایی جێبەجێ کراون و بەپێی یاسا ڕەسمی گومرگی لەو کاڵا زیان بەخشانە وەرگیراوە کە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی سندوقەکە تەرخان کراوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لەو ڕێوشوێنانە کرا کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دەستەی ژینگەوە گیراونەتە بەر بەرامبەر ئەو کارگە و پاڵاوتگانەی کاریگەریان لەسەر پیسبوونی ژینگە و کەرتی تەندروستی هەیە و بڕیاری پێویستی لە بارەوە درا.

هاوکات بڕیاردرا لیستی ئەو کارگە و شوێن و پاڵاوتگانەی کاریگەریان لە سەر پیسبوونی ژینگە و کەرتی تەندروستی هەیە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانەوە بدرێتە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری تا ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر بگیرێتە بەر.

وەزیری دارایی رایگەیاند:'' هەموو ڕێگایەکی یاسایی و گونجاو دەگرینەبەر بۆ زیادکردنی سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکە.'' و ڕونیکردەوە زیادکردنی سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکە بەلای ئەوانەوە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و لەو پێناوەشدا هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دەکەن تا بتوانن زۆرترین سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکە دەستەبەر بکەن.