Skip to the content

ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٥٢ ملیار دینار قەرزی ئاسانکاری بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاوەتەوە

لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ زیادکردنی داهات، ڕێکارە یاساییەکان بۆ تەملیککرنی ئەو موڵکانە بەردەوامە، کە لە لایەن بازرگانان و وەبەرهێنەران لە کاتی وەرگرتنی قەرزی ئاسانکاری لە ڕێی بانکەکانەوە وەک بارمتە دانراوە.
بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانیەکانی هەرێم، بڕی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەرانە، ٣٧٥ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ٤٦٥ دینار بووە، بە هۆی دواکەوتنی قەرزەکەوە، ٦٥٨ ملیار و ٦٣ ملیۆن و ٨٢٠ هەزار و ٣٣٢ دینار سوودی چووەتە سەر.
لە دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، بڕی ١٧ ملیار و ٧٤٣ ملیۆن و ٩٦٧ هەزار و ٧٢٤ دینار بە شێوەی نەختینە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەتی هەرێم و کۆی گشتیی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە، بڕەکەی بریتییە لە تریلیۆنێك و ١٥ ملیار و ٧٦٤ ملیۆن و ٤٢ هەزار و ٧٣ دیناری عێراقی.
هاوکات وەزارەتی دارایی لە ڕێی بانکەکانەوە، دەستی بە تەملیککردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی بە بارمتە دانراون كردووە و لەو چوارچێوەیەشدا بە بەهای ٣٤ ملیار و ١٥٣ ملیۆن و ٨٠ هەزار دینار، موڵکی بەبارمتە دانراو فرۆشراوە و ٧ موڵکی نوێش لە سەر بانکەکانی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون.