Skip to the content

شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق تاووتوێی یاسای نەوت و گاز دەكەن

لە میانی سەردانیاندا بۆ شاری بەغدا و لە درێژەی گفتوگۆ و دانوستانەكاندا، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاووتوێی پرسی نەوت و غازیان لەگەڵ لایەنی حكومەتی عێراقیدا كرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە و لەسەر پرسەكانی وزە و یاسای نەوت و گاز گفتوگۆی هەمەلایەنەیان كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، ڕوانگە و بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو. 

ئاوات جەناب نووری، ئاماژەی بەوە دا "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێكکەوتن، بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت."