Skip to the content

وەزیری دارایی: لێکتێگەیشتن هەیە لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە چاودێری و سەرپەرشتیی پرۆسەی نەوتی هەرێم بکرێت

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کلاوس شتڕایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان كرد.

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی کونسوڵی نوێ دەربڕی و ستایشی هاوکاری و یارمەتییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان كرد.

هاوکات تیشکی خستە سەر دوایین هەوڵەکانیان بۆ ڕێكکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە بڕوایان بەوە بووە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، لەو پێناوەشدا زیاتر لە ٣٠ جار سەردانی بەغدایان کردووە و دوای دانوستانێکی دوور و درێژ، گەیشتوونەتە ڕێكکەوتن لەسەر بودجە و نەوت و ماددەی ١٤٠."

کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "جێی خۆشحاڵییە کە بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و ئەوانیش هاوکار و پشتیوان دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنیاتنەرانە."

کلاوس شتڕایشەر ئاماژەی بەوەش کرد هەمان پەیامیان بە حکومەتی عێراق گەیاندووە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێكکەوتن، لەو ڕووەشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕژدە لە چارەسەری کێشەکان و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییەک دووپات کردەوە.

وەزیری دارایی ڕایگەیاند: "بە لایانەوە گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە یاسا ڕێک بخرێت و دادگایەکی بێلایەنی تایبەتمەند هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانەی لە نێوان هەردوولا هەن.

"وەفدی هەرێم ئامادەیی نیشان داوە بۆ وردبینی لە سەرجەم داتا و زانیاری و دۆسیەکانی تایبەت بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و چەند جارێکیش وەفدی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێم و هاوکاری تەواو کراون، لە لایەکی ترەوە لێکتێگەیشتنی تەواو کراوە کە لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشەوە، چاودێری و سەرپەرشتیی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێم بکرێت."