Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم: لە کابینەی نۆیەم چاکسازیی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە کابینەی نۆیەم چاکسازیی باش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کراوە". ئاماژەی بەوەش کرد" دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی باشتر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن."

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٣، لە میانی چالاکیی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی "کێشەی دەروازە سنوورییەکان و لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان"، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەریی یاسا، بە هاوکاریی دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

لە میانی چالاکییەکەدا، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ڕایگەیاند "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازیی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وای کرد دەستتێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بە خێرانی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەم بکرێنەوە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیشوکارەکانیان بەڕێ دەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە کاری دەستی ئیشوکارەکانیان دەکەن.

لەبارەی بوونی گەندەڵییش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "بەرپرسانی حکومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها سەدا ١٠ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین، لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باس دەکرێن، سەدا ٨٥ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ساماڵ عەبدولرەحمان ئەنجامدانی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە "کارێکی قورس" ناو برد و دەڵێت، "دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت. بەرپەچدانەوەی گەندەڵی پێویستی بە بڕیاری قورس و بورنامەی پتەوە. "

"زۆر جار لە راگەیەندنەکاندا و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگوترێت هەرێمی کوردستان، دەروازەی نافەرمی هەیە. ئێمە دەروازەی نافەرمیمان نییە. شەش دەروازەی فەرمیی بازرگانیمان هەبوو و بە کردنەوەی دەروازەی زێت، بوون بە حەوت دەروازە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن."