Skip to the content

سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) خەرجیی ناپێویست و ڕۆتینی ئیداری و دارایی کەم کردووەتەوە

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی هەرێمی کوردستان (KFMS) یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو ڕێگەیەوە توانراوە خەرجییە ناپێویستەکان و ڕۆتینی ئیداری و دارایی، بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بکرێتەوە و شەفافیەت زیاد بکرێت.

ئاوات جەناب نووری پێشوازیی لە شیلان دۆسکی، بەرپرسی یەکەی پڕۆژە تایبەتەکان و پەیوەندییەکان و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سیستەمی (KFMS) لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی کوردستان ( KFMS ) کرا.

ئەم سیستەمە نزیکەی ٢ ساڵە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری خراوەتە کار و تا ئێستا توانراوە ١١٨٠ یەکەی ژمێریاری پێوە ببەسترێتەوە و نزیکەی ٢ هەزار بەکارهێنەری لەسەر ئاستی گشت وەزارەتەکان هەیە. هەرچەند هێشتا سیستەمەکە لە قۆناغی فراوانبوون و پەرەپێدانی بەردەوامدایە، بەڵام توانراوە زیاتر لە ٢٦٧ ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست پاشەکەوت بکرێت.

لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا، سەرجەم خەرجییەکانی حکومەت لەسەر بوودجەی بەگەڕخستن لەسەر سیستەمی (KFMS) بە شێوەیەکی دیجیتاڵی ڕەزامەندیی لەسەر دەدرێت و پارەدار دەکرێت. هەروەها هیچ پرۆسەیەکی کاغەزی لە نێوان دامودەزگاکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری نەماوە و گشت داواکارییە خەرجییەکان بە پرۆسەیەکی دیجیتاڵی جێبەجێ دەکرێن.

وەزیری دارایی وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە کە توانیویەتی خەرجیی ناپێویست و ڕۆتینی ئیداری و دارایی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و شەفافیەت زیاد بکات و داتای ورد بخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ کارەکانی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە دەربڕی.

پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەمنزیکانە کار لەسەر بەدیجیتاڵکردنی خەرجییەکان لە سەر هەردوو بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان دەکرێت.