Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی بە بەڵگە دەنگۆى هەناردەکردنى ڤاکسێنى فایزەرى ڕەت کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- گرتە ڤیدیۆیەك لە لایەن کەناڵی BBCى بەریتانى بڵاو بووەوە گوایە سندوقێکی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسى کۆڤید ـ ١٩ لە جۆری فایزەر لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردەى وڵاتێکى دراوسێ کراوە، هەر بۆیە وەزارەتى تەندرووستى بە خێرایی بەدواداچوونى بۆ ئەم بابەتە کرد و ڕوونکردنەوەیەکى بڵاو کردەوە کەوا "ئەم ڤیدیۆیە دروستکراوە و هیچ پەیوەندییەکى بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و بە مۆرێکی ساختە و بە ناو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان نیشان دراوە".

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە ڕوونكردنەوەکەیدا ئاماژەى بەوە کردووە کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و نوێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینی (ڤایزەر) بەدواداچوونەکەیان کردووە و ئەم ڕاستیانەیان بۆ دەرکەوتووە:

یەکەم: هیچ فۆرم و مۆرێکی تەندروستی هەرێم لەسەر ڤاکسینەکانی ڤایزەر بەکار نایەت، چونکە ڕاستەوخۆ ڤاکسینەکە بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، بەڵکو تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵەوەیە، بۆیە ئەو کارت و مۆر و فۆڕمە هیچ سەرچاوەیەکی ڕاستی و دروستی نییە.

دووەم: جۆرەکانی ئامێری چاودێریکردن و پارامیتەری سەر سندوقەکە و زانیارییەکان تەواو جیاوازە و هاوشێوەی ئەو جۆرە نییە کە لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

سێیەم: نوێنەری کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ هەموو سندۆقێك لە کاتی گواستنەوە ئامادە دەبن تا دەگاتە سەنتەری بەکارهێنان، هەروەها بۆ هەر گواستنەوەیەک بە سیستەمی چاودێریکردنی کۆمپانیا لە سەنتەری سەرەکییەوە ئاگادار دەبێ.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا وەزارەتى تەندرووستى هاووڵاتیانى خۆشەویستى هەرێم دڵنیا دەکاتەوە کەوا تا ئێستا ٩ سندوق لە ٨ سەنتەری ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، کە هەر هەموویان جێگا و ڕێگای دابەشکردنی ڕوونە و تەواوی داتا و زانیاری و چۆنییەتی دابەشکردنەکانیان تۆمار کراوە و بە سیستەمی مەرکەزی لەگەڵ بەغداد بەستراوە و ئەم کارەش تەنیا هەوڵێک بووە بۆ تێکدان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیان بە مەبەستی ئاژاوە و لەکەدارکردنی ئەم پڕۆسە پیرۆزەیە بە مەرامی تێکدانی سیستەمی ناردنی ڤاکسین و دابەشکردنی لە هەرێمی کوردستان.