Skip to the content

تەندروستى داواى پڕكردنەوەى فۆرمى ئۆنلاین دەكات

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەئێستادا رۆژانە هاوولآتیان دەچنە بنكەكانی تەندروستیی تایبەت بەڤاكسینی كۆرۆنارو ڤاكسینەكە وەردەگرن، تەندروستیش داوا لە هاوولآتیان دەكات، پێش ئەوەى سەردانى بنكەكانى كوتان بكەن، فۆرمى ئۆنلاین پڕبكەنەوە.
بنكەی تەندروستیی بەختیاری لە شارى سلێمانى، یەكێكە لەو بنكانەی كە رۆژانە هاوولآتیان بەمەبەستی وەرگرتنی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا سەردانی دەكەن ء تا دێت ژمارەى ئەو هاوولآتیانەى ڤاكسین وەردەگرن زیاتر دەبێت.
حەسەن خدر بەڕێوەبەری كارگێڕیی بنكەكە بۆ سایتی پارێزگا وتی: رۆژانە لە سەعات (8.15)ی بەیانییەوە دەست دەكرێت بەكوتانی هاوولآتیان ء كارەكانیان بەباشى بەڕێوەدەچێت، وتیشی: رۆژانە زیاتر لە 70 كەس دێنە بنكەكەمان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و تا سەعات 11ی بەردەوام دەبین.
حەسەن خدر سەبارەت بەجۆری ڤاكسینەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە ئێستادا ڤاكسینی (ئەسترازینكا)ی بریتانییان هەیە و بەشێوەیەكی گشتیی هاوولآتیان دەچن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.
سەبارەت بە كێشەكانیان ئەو بەرپرسە وتی: یەكێك لەو كێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە ئەوەیە زۆرێك لە هاوولآتیان سەردانیان دەكەن بۆ كوتان بەبێ ئەوەی فۆڕمی ئۆنلاینیان پڕكردبێتەوە، ئەوەش كێشەی سەرەكیی رۆژانەى بنكەكانى كوتانە، چونكە كاتێكی زۆری دەوێت تا فۆڕم بۆ هاوولآتیان پڕبكرێتەوە.