Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری بەکارهێنانی ڤاکسینی دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شەممە 2021/3/4 وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕیاری دابەشکردن و پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19ی دا کە لەلایەن سەنتەرەکانی وەرگرتنی پێکوتە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ئەمڕۆ وە دەتواندرێت بەکاربهێنرێت وەکو قۆناغی یەکەم بۆ کوتانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەپێی ڕێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو.

ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm) ی چینی کە بەشێوەی بەخشین لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و ڕێکارەکانی دەستنیشانکراو.

بە دڵنیاییەوە، بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەکانی دابینکردنی بڕی زیاتری ڤاکسین بە پاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدڕاڵ بۆ چین و توێژەکانی تری مەترسی لەسەر لە کۆمەڵگا لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان.

ئومێدەوارین هاوڵاتیانی کوردستان بەردەوامبن لە خۆپارێزی بە لەبەرکردنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و پابەندبوونی ڕێنمایێەکانی تەندروستی.