Skip to the content

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتی هەولێری بەسەرکردەوە و بەشداری كردنەوەی سەنتەرێكی پزیشكیشی لە هەولێر كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/٣/٢٤ د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە سەردانێکی مەیدانیدا نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتی هەولێریان بەسەرکردەوە، لە نزیکەوە بەمەبەستی بەدواداچوون و ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان و چارەسەری نەخۆشان، سەرجەم بەشەکان و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیان بەسەرکردەوە. وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی سوپاس و دەستخۆشی خۆیان ئاڕاستەكردن بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکەن، هەروەها لە داواکاری و پێداویستیەکانیان کۆڵییەوە بەمەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی خزمەتگوزارییەکان. لە لایەكیتر بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی پەیوەندار و میوانان و پزیشکان و کارمەندان، ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەرى پسپۆڕی (د.عثمان بۆ چارەسەری و جوانكارى ددان و نەشتەرگەری روو و شەويلاگ و چاندنى ددان) لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو. ئەم سەنتەرە پێکهاتووە لە بەشە پسپۆڕییە جیاوازەکان و ژمارەیەک کلینیک و ئامێر و پێداویستی پزیشکی ددانی سەردەمیانە و خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری و جوانکاری. وێڕای پیرۆزبایی لەم پێشووەچوونەی بواری خزمەتگوزاری پزیشکی ددان، بەڕێز وەزیری تەندروستی هیوای سەرکەوتن و خزمەتکردنی بۆ خواستن.