Skip to the content

وەزارەتى تەندرووستى پیرۆزبایی لە پەرەستاران دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پیرۆزبایی و سوپاس و پیزانینی خۆمان و وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم پەرستارانی جیهان بەگشتی و خوشک و برایانی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی مرۆڤدۆست و ماندونەناس لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەکەین.
ڕۆژێکی جیهانی لە ساڵدا تەنها ڕۆژێک نییە بەرامبەر پیرۆزی ئەم پیشەیە و دڵسۆزی پەرستاران بەڵکو پەیامێکی گەورەی مرۆڤدۆستیشە بۆ بەبیرهێنانەوەی هەموومان لە کۆمەڵگە و حکومەت و بەشداربووانی ناو سیستەمی تەندروستی کە بۆ هەموومان پەرستار جێگرەوەی دایک و باوک و خوشک و براکانمانە لە ناو دامودەزگا تەندروستییەکان هەم بۆ خۆپارێزیمان هەم بۆ نەخۆشەوانیمان و کەمکردنەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکان. بۆیە لەم ڕۆژەدا ڕۆڵی په‌رستاران لە ڕۆژانی ئاسایی و پڕاکتیزەکردنی پیشەکەیان و تەنانەت له‌ ته‌واوی پێشهات و قه‌یران و کارەساتەكانی ڕابردوو و ئێستاش، دەبینین کە چۆن پێشه‌نگ و پێشمه‌رگه‌ئاسا بوونە، بەتایبەتی لە ڕۆژانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە سەنگەری شەرەف و بەرگری لەگەڵ برا پێشمەرگە قارەمانەکان و لە پێشوازی و خزمەتکردنی ئاوارە و پەناهەندەکان و بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نەخۆشان لە دامودەزگا تەندروستییەکان بەتایبەتی لە دواهەمین قەیرانی جیهانی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی شانبەشانی خوشک و برایانی پزیشکان و دڵسۆزانی وڵات بوونە فریادڕەس و ڕزگارکەری سەدان هەزار هاووڵاتی لە هەموو قۆناغەکانی خۆپارێزی و گەڕان و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن تا ڕادەی خۆبەختکردن و قوربانیدان بە خۆیان و خانەوادەیان کە هەردەم وەک ئەستێرەی گەشاوە لە ئاسمانی مرۆڤایەتیدا دەگەشێنەوە و دەبنە هه‌وێنی پتەوی دڵسۆزان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی تەندروستی و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له‌ كوردستانی خۆشەویست.
بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو قوربانیانی ناوەندەکانی تەندروستی و تەندروستکاران دادەنوێنین کە بە هۆی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان بەخش کرد. سڵاو ڕێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزیان، هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوە و تەمەن درێژی بۆ هەمووان.

پەرستارانی خۆشەویست
حکومەتی هەرێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وێڕای ڕێز و سوپاسگوزاری و ده‌ستخۆشی لە ئه‌رك و ماندووبوونتان، پاڵپشتی و پشتیوانی ته‌واوی ماف و داخوازییه‌كانتان ده‌بێت و دووپاتی دەکەینەوە کەوا په‌رستاران و کارمەندانی تەندروستی له‌ پێشتر و ئێستاشدا پێویستیان به‌ مافی زیاتر و سازكردنی زه‌مینه‌ی له‌بارتر هه‌یه‌ بۆ پێشخستنی زیاتری تواناكان و خۆشگوزەرانیان، دەرەنجام بۆ پتەوکردنی جومگەکانی چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی کە دەبێت سوود لە توانا و پسپۆڕیەتی خزمەتگوزاری پەرستاری وەربگیرێت و ببنە کۆڵەگەی سیستەمی تەندروستییەکی پێشکەوتوو لە میانی هەوڵەکانمان بۆ داهاتووی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا.