Skip to the content

ئامادەكاری بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەی گشتی لە بیارە دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. ڕەھێڵ فەرەیدون،  بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکی مەیدانیدا بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە چەند ناوەندێکی تەندروستی لە سنووری ئەو پارێزگایە بەسەر کردەوە.
سەرەتا د. ڕەھێڵ فەرەیدون، سەردانی مەڵبەندی تەندروستی (شەھید عەلی شیعە)ی لە خورماڵ کرد و پاشان سەردانی (نەخۆشخانەی گشتی بیارە)ی کرد و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ پێداویستی و کێشە و گرفتەکانی کرد بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ كردنەوەی.
دواتر ھەریەک لە (مەڵبەندی تەندروستی بیارە) و مەڵبەندی تەندروستی (شەھید نیازی ھەورامی) لە تەوێڵە بەسەرکردەوە و پاشان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە بە مەبەستی ھەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی کۆی پێداویستی و  داواکارییەکان و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان لە ناوەندە تەندروستییەکانی سنوورەکەدا.
ھەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بریکاری وەزارەت سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن و بووژانەوەی دڵی لە ھەڵەبجە کرد و گفتوگۆی لەگەڵ پزیشکان و کارمەندان و نەخۆشان کرد لە بارەی چۆنیەتی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، ھەروەھا چەند پڕۆژەیەکی تری تەندروستی گرنگ و ئامێری پزیشکی بەسەرکردەوە کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە کار و بەمەش خزمەتگوزاری باشتری تەندروستی بە ھاووڵاتیانی سنووری ھەڵەبجە دەگەیەنێت.