Skip to the content

بریكاری وەزارەتی تەندروستی دەڤەری گەرمیانی بەسەركردەوە


 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- (دكتۆر ڕه‌هێڵ فه‌ره‌یدون) بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانیدا سه‌ردانی سنووری گه‌رمیانی كرد و تیایدا له‌ وێستگه‌ی یه‌كه‌می سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد و له‌لایه‌ن (جه‌لال شێخ نوری) سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان پێشوازی لێكرا و تیایدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لار و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌لار و لێپرسراوی لقی گه‌رمیانی سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، باس له‌ كێشه‌ و گرفته‌كان و چۆنیه‌تی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان به‌ مه‌به‌ستی باشتركردنی سێكته‌ری ته‌ندروستی له‌ سنووره‌كه‌دا هه‌روه‌ها داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی دام و ده‌زگا ئیداری و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌دا بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیانی كرد و دواتر له‌ سه‌ردانێكیدا بۆ قه‌زای كفری سه‌ردانی قایقامیه‌تی قه‌زاكه‌ی كرد و له‌لایه‌ن (شه‌ماڵ نامیق) قایمقامی قه‌زای كفری پێشوازی لێكرا و  تیایدا هه‌ردوولا به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی قه‌زاكه‌ كرا به‌ مه‌به‌ستی ڕێكخستنی ئیش و كاره‌كانی خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان و زیاتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان له‌ قه‌زاكه‌دا.
پاشان هه‌ر له‌ قه‌زای كفری و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی (شه‌هید دكتۆر خالید گه‌رمیانی) بریكاری وه‌زاره‌ت ئاماده‌بوو له‌ وه‌رگرتنی كۆمه‌ڵێك هاوكاری كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای گازپرۆمه‌وه‌ به‌ بڕی (150)هه‌زار دۆلار دابین كرا كه‌ بریتی بوون له‌ كۆمه‌ڵێك پێداویستی و ئامێری پزیشكی وه‌كو سێتی نه‌شته‌رگه‌ری چاو و نه‌خۆشیه‌كانی قوڕگ و گوێ و لووت و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك پێداویستی تری نه‌شته‌رگه‌ری.

له‌ كۆتا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی (شه‌هید دكتۆر قاسم)ی له‌ ناحیه‌ی ڕزگاری كرد و به‌شه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی بەسەرکردەوە.

هاوكات (دکتۆر ڕەھێل فەرەیدون) بریکاری وەزارەتی تەندروستی بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان سەردانی مەرزی پەروێزخانی کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری مەرزەکەوە پێشوازی لێکرا و تیایدا لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا لەسەر کێشە و گرفتەکان و ڕێکارەکانی ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی ھاوردەکردنی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان .

دواتر بەشی تاقیگەی شیکاری خۆراکی لە مەرزەکە بەسەرکردەوە کە تایبەتە بە پشکنینی خۆراکی ھاوردە و ھەروەھا ئەو کۆمپانیایەی کە تایبەتمەندە بەم ئەرکە.

پاشان سەردانی ھۆبەی پێدانی ڤاکسین و بەشی تەندروستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانی کرد.

ھەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بریکاری وەزارەت سەردانی  بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پەروێزخانی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی گومرگەکەوە پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکدا جەخت کرایەوە لەسەر زیاتر ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوانیان و ڕێکخستنی ئیش و کارەکان تاوەکو لە ڕووی تەندروستییەوە ھاووڵاتیان سوودی زیاتریان پێ بگات.

دواتر بریکاری وەزارەتی تەندروستی لە دوواھەمین وێستگەی سەردانی بۆ سنووری گەرمیان، سەردانی نەخۆشخانەکانی کەلاری کرد بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان و گوێگرتن لە سەرنج و داواکاری پزیشکان و ستافی نەخۆشخانەکان و  ھاووڵاتیان .

ھەر لەو سەردانەدا بریکاری وەزارەت بەشەکانی نەخۆشخانەکانی بەسەرکردەوە و لە کێشە و گرفتەکانی نێو نەخۆشخانەکانی کۆڵیەوە وەکو کەمی دەرمان و داواکاری خۆبەخشانی گرێبەستی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ھەروەھا کۆمپانیاکانی پاککەرەوە و کێشەی شۆفێرانی ئەمبۆڵانسەکان، وە بەڵێنیدا کاری جددی لەسەر بکەن.
بۆ ئەم مەبەستە بریکاری وەزارەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی سنووری گەرمیان بۆ تاوتوێکردن و دانانی بەرنامە و ئەجێندایەکی تایبەت بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە.