Skip to the content

چەند بەشێكی خزمەتگوزاری تەندروستی لە سنووری هەڵەبجە دەكرێته‌وه‌

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  دکتۆر ڕەھێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی، بۆ دام و دەزگا ئیداری و تەندروستییەکان سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەی کرد و بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە، پێشوازی لێکرا و تیایدا باس لە گرفت و پێداویستيیە تەندروستیەکان لە سنوورەکەدا کرا. 
دواتر سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان و مناڵبوونی ھەڵەبجەی کرد و بەشەکانی نەخۆشخانەکەی بەسەرکردەوە لە نزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی کۆڵیەوە و ھەروەھا چەند بەشێکی تازەی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ھاووڵاتیانی سنوورەکە بەسەرکردەوە کە پێکھاتوون لە بەشی منداڵی نەبەکام(خودەج) و سیستەمی دابەشکردنی ئۆکسجین و بەشی ئامێری پێشکەوتووی سۆنار(DR).

ھەر لەدرێژەی سەردانەکەیدا بریکاری وەزارەت بەشداری لە مەڕاسیمی خەڵاتی رێزلێنان بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و کارگێڕی نەخۆشخانەی وەفا کرد لە پای ھەوڵ و خزمەتی بەردەوامیان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا .

لە دوا وێستگەی سەردانەکانیدا بریکاری وەزارەت سەردانی نەخۆشخانەی کیمیابارانی ھەڵەبجەی کرد و بەشەکانی نەخۆشخانەکەی بەسەرکردەوە و گفتوگۆی لەگەڵ لێپرسراون و نوێنەری کۆمپانیای تایبەتمەند لە نەخۆشخانەکە کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و ھەروەھا لە نزیکەوە ئاگاداری کردنەوەی چەند بەشێکی خزمەتگوزاری تازە بوو کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێنەوە.