Skip to the content

لە دهۆک کۆنفرانسی بەرەوپێشبردنی ئاستی توانای پەرستاران بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی و سەرۆکی زانکۆی دهۆک و لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان کۆنفرانسی بەرەوپێشبردنی ئاستی توانای پەرستاران بەڕێوە چوو، لە میانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداریكردن و بەڕێوەچوونی وەها كۆنفرانسێك دەربڕی و گوتی: ئێمە لەگەڵ تیمێکی وڵاتی ئیتاڵیا دەستمان بە بابەتێکی گرنگ کردووە کە بەرەوپێشبردنی ئاستی توانای پەرستارانە لە بواری خزمەتگوزاریی ناو دامەزراوە تەندروستییەکاندا و ئەوەش جێی دڵخۆشی و هەنگاوێکی گرنگە و هیوادارین هاوکاریی نێوان زانکۆ و تەندروستیی دهۆک بەردەوام بێت و ئەنجامی ئەم پڕۆژەیەش لە داهاتوودا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان وەکو پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو دیارکەوێت، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی نەخۆشەکان بکرێت و کەرتی تەندروستی پێش بکەوێت، ئەم پڕۆژەیە گرنگە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی تەندروستی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتی تەندروستی لە هەموو ناوچەکان''.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: ''ئامانجی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چاکسازی بکرێت بە تایبەتی لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریدا و هیوادارم ئەمە دەستپێکێک بێت و ئەم پڕۆژەیە لە هەموو دامودەزگاکانی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە''.