Skip to the content

بەشێك لە بریندارانی زاخۆ گەڕێندرانەوە شاری بەغداد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠ ی تەممووزی ٢٠٢٢ تۆپخانەکانی تورکیا هاوینەهەواری گوندی پەرەخ-یان لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەر بەخۆی زاخۆ تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا ٩ گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی و زیاتر لە ٢٥گەشتیاری دیکەش برینداربوون. 
دوای بەدوای ڕووداوەكەش لەسەر ڕاسپاردە و بە نوێنەرایەتی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  وەزیری تەندروستی سەردانی نەخۆشخانەکانی زاخۆ و دهۆکی كرد بۆ بەسەرکردنەوەی برینداران و گەیاندنی پەیامی پەرۆشی و نیگەرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون كرا بۆ ڕەوشی تەندروستیان و تەواوی چارەسەری و پێداویستیی بۆ چارەسەرکردنی برینداران كرا.
پاشان بە ئامادەبوونی (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و (د. دلۆڤان محەمەد فاتح) بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ،دوای ئەنجامدانی چارەسەری بۆ بریندارانی ڕووداوەكەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەشێك لە بریندارەكان گەڕێندرانەوە شاری بەغداد و بەشێكیشیان هێشتا لە ژێر چاودێری پزیشكین و لە نەخۆشخانەكانی زاخۆ و دهۆك چارەسەر وەردەگرن.
هاوكات لە ٢١ ی تەممووزی ٢٠٢٢ تەرمی هەر نۆ قوربانییەكە لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕەوانەی شاری بەغداد كرانەوە.