Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی چه‌ند ڕێكارێك بۆ ڕۆژانی جەژن بڵاو ده‌كاته‌وه‌


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە مەبەستی ئامادەکاری و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی تەندروستی ڕاسپاردووه‌ کە پابەندی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە بن و جێبه‌جێی بكه‌ن: 

١. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان. 

٢. بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی کار بکات. 

٣. لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان کراوە دەبن. 

٤. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری. 

٥. ڕووماڵ و هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەراتییەکان دەبێت. 

٦. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر لە ڕێگەی پەیوەندیی مۆبایلەوە لە کاتژمێر (٨) ی بەیانی تاکو (٨)ی بەیانی ڕۆژی دواتر بۆ بەڕێوەبەراتییە گشتییەکان ڕەوانە بکرێت . 

٧.ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و دابینکردنی گاز و بەنزین و سووتەمەنییەکان دەکرێت. 

٨. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک دەکرێت. 

٩. هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە. 

١٠. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆڕینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت. 

١١. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.

١٢. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوە بێت.

١٣. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بەشێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

١٤. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام بن لە بەدواداچوونەکانیان بە شێوەی ئێشکگری.

١٥. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت.

١٦. بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی پشکنینی کۆرۆنا و چارەسەری.

١٧. دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ پێدانی ڤاکسین لەڕۆژانی پشوو لەکاتی پێویست.