Skip to the content

بنکەی شیاندنەوەی جەستەیی لە هەولێر کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەڕاسیمی تەواوبوون و کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیجی سەنتەری شیاندنەوەی جەستەیی لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو کە بە شێوازێکی مۆدێرن و بە سیستەم و ئاستێکی بەرز دروستکراوە دەخرێتە بواری کارکردن و خزمەتکردنی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بۆ دروستکرنی پەلی دەستکرد و خولی ڕاهێنان و هۆشیاری تەندروستی و پسپۆڕيیە جیاوازەکان بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، کە بە بڕی نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور دروستکردن و دابینکردنی پێداویستی لە ئەستۆ گیرابوو.
لە وتاری دەستپێكی كردنەوەی باڵەخانەکە  جۆین جۆزا بلانکا، سەرپەرشتیاری خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق ڕایگەیاند، بەردەوامیی ململانێکان لە عێراق بووەتە هۆی بەردەوامیی زیادبوونی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کەمئەندام دەبن و ئێستاش 600 هەزار عێراقی پێویستیان بە پەلی دەستکرد هەیە کە توانیومانە 20 هەزار پەلی دەستکرد دروست بکەین. 
لە مەراسيمەكەدا  كە بەچاودێری و نوێنەرایەتی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی و ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و وەزیری پێشمەرگە و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و بریکار و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی هەولێر و کاروباری تەندروستی و پلاندانان و شاندی باڵای کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ICRC لە جنێف و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەرپرسانی پەیوەندیدار تێيدا بەشداربوون،  ئەو بنکەیە بۆ تەواوی ئەو کەسانەیە کە لە عێراقدا پێویستیان بە هاوکاری دەبێت و بۆ ئەو مەبەستە ئەم بنکەیە بە شێوازێکی مۆدێرن و بە سیستەم و ئاستێکی بەرز دروستکراوە و دەخرێتە کار بۆ خزمەتکردنی نەخۆشان و ئەوانەی پێویستیان پێیەتی کە دەبێتە هۆی بەرەوپێشەوەبردنی زیاتری خزمەتکردن ، ئەمە گەورەترین سەنتەرە لەو بوارەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.