Skip to the content

ڕێنماییەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بڵاو کرایەوە


 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند ڕێکارێک بۆ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەگرێتە بەر کە ئەمانەن:

1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.

2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لە ناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت. 

3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان. 

4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە بەردەوامی ئێشکگری.

5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەراتیەکان دەبێت.

6. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لەماوەی (٢٤) کاتژمێر لە ڕێگەی پەیوەندی لە (٨) ی بەیانی تاکو (٨) بەیانی ڕۆژی دوایی ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەراتیە گشتیەکان.

7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان.

8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین و سووتەمەنیەکان بکرێت. 

9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت. 

10. هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە. 

11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆڕینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت.

12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوە بێت.

13. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.

14. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بەشێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

15. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام بن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

16. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت.

17. بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی پشکنینی کۆرۆنا و چارەسەری.

18. دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ پێدانی ڤاکسین لە ڕۆژانی پشوو لەکاتی پێویست.

بە هیوای جەژنی شادی و سەلامەتی بۆ هەمووان.