Skip to the content

ڕێنماییی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگریكردن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون

لەبەر تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی، چەند ڕێنماییەكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە بڵاو کردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت "بۆ ڕێگریكردن لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی مەترسیدارە، پێویستە ئەم ڕێوشوێنانەی بگیرێتە بەر:

1-سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و سەربڕین تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت.

2- پابەندبوونی قەسابەكان بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەدەستکردنی دەستكێشی لاسیتك و جلی تایبەتی خۆپارێزی، لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەكەی بە شێوەی تەواو؛ لە كاتی سەرپێچییشدا بە توندی سزا دەدرێن.

3- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، دەبێت شوێنەكە بە بەكارهێنانی كلۆر بە ڕێژەى (5%) پاک بکرێتەوە. (بە بەكارهێنانی فاس بە ڕێژەی 6% و هەر بەشێك لە فاس بۆ 11 بەش ئاو)، هەروەها بە هەمان شێوە پاكژكردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتوو لەكاتی سەربڕین و پارچەكردنی گۆشت.

4- پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن و دەستكێش لە دەست بكەن و ئاگادار بن دەستیان هیچ برینداری نەبێت و تەختەی لەتكردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە، پاشان شوێنی لەتكردنەكە بە ئاوی گەرم و سابوون بە باشی خاوێن بكرێتەوە، دواتر پاکژكردنەوەی بەهەمان شێوە وەك لە خاڵی 3 باس کرا و كوڵاندنی گۆشت بە تەواوی.

5- لە كاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنە تێیدا بڵاوە، جلی قۆڵدرێژ و ڕەنگی كاڵ لەبەر بكرێت تاوەكوو دیار بێت، هەروەها كرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ بەکار بێت.

6- بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڤێتێرنەری و كشتوكاڵ بكەن، لەبارەی ڕێكارەكانیان سەبارەت بە ڕشاندنی ئاژەڵان بە قڕكەر.

7- جەختكردنەوە لە كاری پتەوكردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە ڕێگەی هەڵمەتی جیاواز و بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی بە مەبەستی گەیاندنی زانیاریی درووست.

8- جێبەجێكردنی چالاكییەكانی ڕشاندنی شوێنی گەنەكان، بە گوێرەی پلانی ساڵانەی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییە گوێزراوەكان.

9- پابەندبوونی كارمەندانی تەندروستی بە لەبەركردنی كەرەستەی خۆپارێزی بە شێوەیەكی زانستی و دروست.