Skip to the content

ئه‌نجامى تاقیکردنەوەى خولەکانى توانستى زمان ئینگلیزى ڕادەگەیەنرێت

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى تاقیکردنەوەى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ڕادەگەیەنێت.

د. محمد حوسێن سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سێنتەرەکانی زمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنج شەممە 3ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020 ، كاتژمێر 8ی شەو ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە سەنتەرى زمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى لەلایەن سێنتەرەکانەوە ڕادەگەیەنرێت.

سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سەنتەرەکانی زمان ئاماژەی بەوە کرد لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەنتەرەکان ڕاسپێردراون کە بە خێرایی کاروبارەکان ڕابپەڕێنن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێت. هەروەها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیاران دەتوانن سەردانى وێب سایتى سێنتەرەکانى زمان و وێب سایتى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکانیان.

ئاماژەی بەوەش كرد دواى دەرچونى ئەنجامەکان بۆ ماوەى 72 كاتژمێر کاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەلپ گرتن لە ئەنجامەکانیان ئەمەش لەڕێگەی ئیمەیلی تایبەت بە سەنتەرەکان کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دادەنرێت.