Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا تۆمارى گشتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەسەر دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لە ئەنجامى پێشکەشکردنى سکاڵا (3249) خوێندکاری دیکە لە زانکۆو پەیمانگەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیراون، بەم شێوەیەش کۆی وەرگیراوانى ئەمساڵى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە زیاتر لە (52800) خوێندکار و قوتابى.

ئەم ڕاگەیاندنەى د.ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، نیوەڕۆى ئەمڕۆ18ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 لەمیانى بەسەرکردنەوەى تۆمارى گشتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر هات کە بەیاوەرى د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لەنزیکەوە لەجێبەجێ کردنى کاروبارى خوێندکارانى پرسى.

لەوسەردانەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت یاوەریان کرد، تەئکیدى لە ڕێککارەکانى وەرگرتنى خوێندکاران و ڕاییکردنى کاروبارى خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگەکان و پێشوازى کردن لێیان و جێبەجێ کردنى ڕێکارەکانى وەرگرتن لەچوارچێوەى جێبەجێ کردنى ڕێنماییەکانى تەندروستى بۆ خۆپارێزى کردەوە.

هەروەک لەگەڵ وەرگیراوانى ئەمساڵى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، د. ئارام محمد قادر لەنزیکەوە گوێى لە داواکارى و پێشنیازەکان گرت و ڕایگەیاند: لە پێناو ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەت بۆ دەرچوان، ئەمساڵ زۆرترین پلانى وەرگرتنمان بۆ دەرچوان دابینکرد بەشێوەیەک سەرجەم دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگیرێن، لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: (5130) خوێندکار هاتونەتە ناو سیستمی سکاڵا، لەو ژمارەیەش (3249) خوێندکاری دیکە لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان وەرگیراون. بەم شێوەیەش کۆی وەرگیراوانى ئەمساڵى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە زیاتر لە (52800) خوێندکار.

لەکۆتاى سەردانەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ستافى تۆمارى گشتى زانکۆ کردو بۆ ئەرکەکانیان کە رۆژانە بە دو تیم پێشوازی لە دەرچوان دەکەن و مامەڵەى دابەزین و شوێن گۆڕینیان بۆ ڕایی دەكەن.