Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازی لە ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان كرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەی بەشدارى پێکردنى ئەکادیمیستان و مامۆستایانى زانکۆکانی کوردستان پشتیوانی لە هەوڵەکانی ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ هەماهەنگی زانستی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.


بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ 23 ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە د. دیندار زێبارى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان كرد .


لە دیدارێکدا هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان جەختى لەسەر کرایەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتیوانى خۆى بۆ ئەو هەوڵانە دوپاتکردەوە كە لە بوارەکانی کارکردن لەسەر دۆسێکانی پەیوەندیدار بە تاوانى جەنگ و تاوانى دژى مرۆڤایەتى و کۆمەڵگوژى و تیرۆریزم دەدرێن، بۆ ئەم ئامانجەش وەزارەت کارئاسانی دەکات بۆ بەشدارى کردنى زیاتری ئەکادیمیستان و مامۆستایانى زانکۆ و کەسانى خاوەن شارەزا لەم بوارەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە میکانیزمێکى نوێ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە هەماهەنگى بەردەوام بن و کۆبونەوەى بەردەوام لەو بوارانەدا ئەنجامبدرێت.